ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات › شاری دڵ ›
١٢٧. باسی سەر!
مەمکی خڕ کردووه یارم، دوو هەناری ساوان
بێ ئەوەی کەس دەسی لێ‌دا، گەیون١ بێ‌تاوان

کەس نەڵێ دەس‌زەدەیه بۆیه وەها گەوره بووە
ئەو وته لای کوڕ و کیژ باسی سەره، ئەی ئامان!

سەروباڵان هەموو کیژانی وڵات و سەیرە
بە‌و هەموو باری دڵانه که هەیانه نەچەمان!

سەروه باڵای گوڵی من گەرچی هەناری پێوە
مەڵێ پەیوەندە، تکەی ماچه لەوێدا، وا مان

بۆ هەناوی منی پڕ مەینەت و خەم، دەرد و بەڵا
بۆنی ئەو جووته هەنارانەیه بوونه دەرمان

ساز و ئاماده، وەکوو نۆکەری گوێ‌ڕادێرم
چاومه بەندی ئیشارەی ئەوه، گوێش بۆ فەرمان٢

چاو له چاوی دەبڕم بەڵکوو وەڵامم داتێ
کەچی هەڵنایه ئەویش ئێسته له ترس و شەرمان

گەرچی شەرمێونه، چاوی له 'ئیمامی' داگرت،
کوتی هەڵنایه له حاند غەیره، له ترسی خزمان!

١. چاپی ئەنیسی: گەییون
٢. چاپی ئەنیسی: چاوومە
قاقڵاوا، ١٣٥١ی هەتاوی
(لاپەڕە ٦٣ و ٦٤ ی چاپی ئەنیسی و ١٥٣ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit