ئاڵەکۆک

خەمۆ add_a_photo
خەمۆ › شیعرەکان ›
٤. شۆڕشی ئەشق
چەشنی جامی دەستی مەستان خۆشە بەرزم ڕاگری
نیمە بۆ مۆڕەی بە تەوست گیانە گیانی بەرگری

شۆڕشی ئەشقت بە کێ دەکرێ لە جەرگەی ئاشقی
من فەدایی بێ چەک و تۆش، ئەرتەشی خۆڕاگری

خۆزگە وەک بەختم نەچوبای هێندە ڕۆیشتن کەچی؟
هەر لەمن دووری و لە دووری سوری و پێداگری

ئێستە دیلی ئەشقی یەک لام حەقمە ئازادیم بوێ
من لە سۆی ئەشقت دەسوتێم تۆش بڵێسەی ئاگری

خۆر و مانگیش ئاشقی تۆن زۆر دەترسم پێت نەگەم
خۆر لە سەر کوڵمەت دەبینم هێندە خۆش و دڵگری

مانگی شەوگار گەر شەوانە دێتە کۆڵان و شەقام
چاوەڕێیە تاقە جارێکی لە باوەشتی گری

خۆ دەزانم ڕۆژ بە سرتە دێتە بن گوێت و دەڵێ
هێندە شلکی چۆن دەتوانێ جوتە مەمکت هەڵگری

بەر لە هێوارێک لە باوەشتم گرە بەشقم هەتاو
من لە باوەشت ببینێ دەس لە بەژنت هەڵگری
نووسین: خەمۆ

پەراوێز edit