شاعیر: هێمن تەنیا کتێب: وەسیەت سەرناو: زیندو کوژی مردو پەرەست سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین کاتی ئارامی وەکوو تیر خێراین لە نێو گرژیەکان قیت ڕادەوەستین بۆ سوڵح و ئاشتی سڕ و بێ دەنگین لە شەڕ و کێشە گەرمو بە هەستین بۆ یارمەتی و خێر نوزەمان نایە لە هەبلە و ڕیا بە لاق و دەستین هەست دەسوتێنین، دڵان دەشکێنین دوایەش بێخەیاڵ، باشە بوا پەستین؟ کەسێک پێویستی بە یارمەتی بێت پشتی تێ دەکەین، چاوان دەبەستین کە دوایەش مرد و زانیمان نەما خێرا و بە کۆمەڵ بۆی ڕادەوەستین بێ پەردە بیڵێم، هەمومان ئاواین چۆن زیندوو کوژی مردوو پەرەستین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرگێڕانی شێعری هوشەنگ (سایە) سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین ئەوڕۆ نە دەستپێک و نە کۆتایی جیهانە ئەورۆ حەزی ژین نیە، حەز لە نەمانە گەر کەوتیە ڕێ غەم مەخۆ لە دوری و درەنگی بزانە کە گەیشتن هونەری مەردی زەمانە ئاوێک کە بوەستێ تەعامی گڵ و حەرزە زەریا دەبێ ئەو چۆمە هەرماتێ ڕەوانە ئەو تیرە دەگاتە ئامانج و نیشانەی عومرێکە کە میوانی دڵی تیر و کەوانە کاتێک کە لە ڕووی تۆ سوڕاوە نیگای من نەتدی تۆ بەڵام خوێنی لێ دەتکا بە نیشانە ئەی کێو هاواری من ئێستا تۆ دەبیستی دەردێکی هەیە سینەم ئەندازی جیهانە زۆر کەس کوتی کەسمە بەڵام دوژمنی گیان بو خوایە تۆ دەبینی کە خەڵک، زار و زمانە خوێن دەتکێ لە چاوم لە غەمی دوری و سەبوری ئەو ڕێیە کە من گرتمە بەر، ستاندنی گیانە لەو رێیە مەڕۆ تەنیا کە زێڕی سەری تاجت شاراوە خەزێنە لە ژێر پێی ڕێبار و ڕەوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێبوار (وەرگێرانی شێعری هوشەنگ) سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین ئەوڕۆ نە دەستپێک و نە کۆتایی جیهانە ئەورۆ حەزی ژین نیە و حەز لە نەمانە گەر کەوتیە ڕێ غەم مەخۆ لە دوری ڕێگاکەت بزانە کە گەیشتن هونەری مەردی زەمانە تۆ رێ ڕەوی کۆن لە ڕێگای عیشق و ئەوینی گەر شل بوە هەنگاو، بڕۆ ڕێگە ئەمانە ئاوێک کە بوەستێ تەعامی گڵ و حەرزە زەریا دەبێ ئەو چۆمە کە هەر وادە ڕەوانە ئەو تیرە دەگاتە ئامانج و نیشانی عومرێکە کە میوانی دڵی تیر و کەوانە ئەی داد و فغان لە کایەی شەڕە خەنجەر یاریگەری ڕۆژگار دڵی بەستە زمانە حەزی دیتنی کاروانی گوڵ و بولبولی مەستە ئەو زەویە کە وا لە ژێر پێی ئەسبی خەزانە ڕۆژێک شنە بۆ بەیانی لە بەهار بێت ئەو کاتە زەوی پڕی لە گوڵ و عەتری نەهانە کاتێک کە لە ڕووی تۆ وەرگراوە نیگای من نەتدی تۆ بەڵام خوێنی لێ دەتکا بە نیشانە ئەی کێو هاواری من ئێستا تۆ دەبیستی دەردێکی هەیە سینەم کە لە ئەندازی جیهانە زۆر کەس کوتی کەسمە بەڵام دوژمنی گیان بون خوایە تۆ دەبینی کە خەڵک زار و زمانە خوێن دەتکێ لە چاوم بە غەمی دور و غەریبی ئەو ڕێیە کە من گرتمە بەر، ستاندنی گیانە لەو رێیە مەڕۆ تەنیا کە زێڕی سەری تاجت شاراوە خەزێنە لە ژێر پێی ڕێبوار و ڕەوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باری خەفەت سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین کاتێک خۆشی باری بەست و لە دڵ ڕۆیی کاتێک کەسەر هەوڵی دا بۆ سەربەخۆیی تۆ ئەی مەرگ هەر نەهاتی جارێکی کەش کلو کلو ساردی زستان جەستەی گەرمی هەستی سڕمی چزاندەوە دڵۆپ دڵۆپ غەمی باران وشە وشەی شێعری تەڕمی تواندەوە بڵێی ئێستاش دڵی پیرم هەر وەکوو کاتی منداڵی شاگەشکە بێت بۆ ساز کردنی بووکە بەفرینە خەوی دار و کۆچی مەل لە ئەوینی دو کەس دەچێ کە لە قوڵایی دڵیان ڕا هاتنە لای یک دوای ماوەیێک لێک دابڕان جارێکی کەش مەرگ نەهات و سەرما هات جارێکی کەش باری خەفەت بە کوێرە ڕێگای دڵ داهات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاڵم و زەواڵ سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین کە شەو درێژ و تاریک و ڕەش بوو کە شەختە و سەهۆڵ بۆ شەوت بەش بوو نەویدێک هەیە لە داهاتوو دا چرکە قیاسە لە درەنگ و زوو دا هەرگیز لە ژیان نەبین بێ هیوا بەشەر تا مابێ زۆر شتی دیوە بە سەبر گرتن مێژو سەلماندی هەرچی زاڵم بو ئەجەل فەوتاندی ئەو جەستە گەورەی ئاغایی دەکرد کرم لە نێو خاک بەش بەش لەشی برد کرم کە جەستەی مرۆڤی پێبوو بۆخۆی بوە خواردنی جەنابی مێروو مێروو کە جەستەی کرمی ڕاکێشا کۆتر بە دندووک گیانی وی کێشا کۆتری قیت و بە زاهیر وریا ژێر چنگی هەڵۆ نەکەوتە فریا هەڵۆ کە پاشای بەرزی ئاسمانە بە چنگی قڕژاڵ بەشی خنکانە پێست ڕەقی لاق ورد دەست شێوە چنگاڵ لە ئاو بۆ ماسی تەعامە قرژاڵ ماسیش هەر چەندە لووس و خێرا بێ ئاخر ئەسیری ماسی گر دەبێ یاسای جیهانە کە هەتاکوو سەر هیچ گیان لەبەرێک نابێ بە سەروەر هەر زاڵمێکی خوێن مژی قەدار زەواڵی هەیە لە کاتی خۆی دیار کات تێدەپەڕێت بە بێ گومانی کاتژمێر قسە دەکا بە بێ زمانی دوای زستانی سارد بەهاری گەش دێ ڕۆژی گەرم و ڕوون دوای شەوی ڕەش دێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێعری ڕادەستی سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین دڵ لەوە زیرەک ترە تێنەگات هەستی چیە تێنەگات کە چی دەڵێت یاخۆ کە مەبەستی چیە ئەو گوڵەی پەروەردە بێ نابێ تێکەڵ بۆنەکەی گوڵ لە گوڵدان کوا دەزانێ ژینی سەربەستی چیە شاخەوان لوتکە دەناسێ و ڕێگەکەی ناسراوەیە وا بەڵام لە ئاستی شیو نازانێ بست بستی چیە هەر کەسێک ساویلکە بێ گوێ لە لایەن ناگرێت نە گرینگە لایەکەی ڕووی چیە و ئاستی چیە بۆ ژیانی بێ درۆ هەوڵی زۆری پێ دەوێ ئەو کەسەی دینی هەبێ نازانێ کە مەستی چیە سەر لێ شێواوی مرۆڤ زامەکەی شێرپەنجەیە بۆی گرینگ نییە کاتەکان یا درۆ و ڕاستی چیە زامی پێنووس کوا دوریە غەمی لێنووسی هەیە نوسەری تەنیا دەزانێ شێعری ڕادەستی چیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیلی گۆشەی بەندیخانە سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین ماوەیەکی دیل کرابووم لە گۆشێکی بەندیخانە لەگەڵ کەسانێک دانیشتم کە نەناس بوون و بێگانە وەڕەز دەبووم دڵتەنگ دەبووم بەڵام دوور بوم لە درۆ و لە هەرچی بوختانە بەڕای من بۆ هەر کەسێک زیندانی بوون بە پێویستە پێویست وەکوو ئەزمونی باش پێویست وەک خواردنی نانە چۆن لەوێ دا دەردەکەوێ کێ فریشتەیە کێ شەیتانە لەوێ پێڵاویشت پێ نین جلەکانیشت بێ گیرفانە مانای نیە باڵا و ڕواڵەت کێ هەژار کێ بە سامانە لە زیندان دا هەموو یێکن گرینگ نیە کێ ڕەعیەت کێ خانە یان کێ لە ژێر نیقابی درۆ دۆستە بەڵام دژی گیانە بەڵێنم دا دوای ئازادیم دەست دەمە پێنووسێکی سوور خەت لێدەم لە نێوی زۆران ئارام کەم دڵی جۆلانە خەت لێدەم لە ڕەفیقی نان ئەوەی کە هاوڕێی گیرفانە ئەوەی چاوی دوای نامووسە بەڵام خۆی بە برازانە ئەوەی لە زاهیر دا پاکە بەڵام ئەنباری تاوانە خەتێکی سووریش لێدەدەم لەوەی کە خۆی پێ زۆر زانە تەنیا سڵاوێکی ئاسایی لە حەد زۆرترە بۆ کەسانە چی نەما من نەکەم بۆیان وێرانیان کردم بە درۆیان هەموو ئەو دێوەزمانەی دەیانگوت «تەنیا» کەسمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوای پاییزی غەم سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین من هەوای پاییزی غەم بووم کەی بەهارم دێتەوە بۆ دەبێ گڕکانی عەشقم بە بزێک بکوژێتەوە لەعنەتی لێ بووە ئەوینێک کە دڵێک بوکلێتەوە کوانێ دەستماڵی هەژاری فرمێسک دەسڕێتەوە گریانی کۆرپێکی بێ ناز دەبێ چۆن ژیر بێتەوە بە پرچی پەلکە کراو دڵی ڕەق دەتوێتەوە ڕۆژێکی لە نەردی ئیقباڵ تاس و جووت شەش دێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ هیوا برای زوو کۆچ کردووم سەبارەت: نووسین: هێمن نیک بین چەند وتەم لەگەڵ هیوایە ئەو برایەم کە زو کۆچی کرد ئەودەم نەمتوانی بپرسم کە خوایە هیوا بۆچی مرد برایەتیم تام لێ نەکرد چۆن بۆخۆشم هەر ساوا بووم وەک عاشقێکی هەناسە سارد دۆڕاوی دەستی زاوا بووم کە گەورە بووم و پێم زانی برام هەبووە بە نێو هیوا بەڵام ئەجەل لێ هەستاندووم بۆیە ئەمن قەت نەم دیوە هێندێک پرسیاری بێ کەڵک بەڵام پڕ لە وەڵامی سارد لە پڕا یا لە جێگایێک هەردەم بە مێشکم دادەهات کە ئەگەر هیوا مابایە لەگەڵ براکەی چۆن دەبوو ئایا کاکی فڕێ دەدا یا وەکوو دۆستی کۆن دەبوو هیوا بڵێ ئەگەر هەبای شان بە شانم دەهاتیە پێش؟ ئایا بە ژان و دەردی من هەستی تۆش وا دەهاتە هێش؟ لەوانەیە ئەگەر مابای باشترین هاوڕێ بۆمن بای لەوانەشە برایێکی سارد لە ئاستی من بە نەفرەت بای دەڵێم لەوانەیە بۆ من گیانی خۆشت بەخت کردبا یا شایەدیش مەرگ و ژینم بە مسقاڵ بۆت گرینگ نەبا ئەجەل مەیدانی پێت نەدا تا برایەتیت بسەلمێنێ تا لە دەورانی گەورە بون غەمی دڵم بوەستێنی دەڵێم هیوا ئەگەر مابای چۆن برایێک دەبووی بۆمن؟ ئەمنت پێ برا گەورە دەبوو یا دەتکوت پیاو نی و دوژمن؟ ئێستا دەبا عەشقت کێ با یا کێ دەبوە هاوسەرینت منداڵەکەت وەک خۆت دەچون بۆ نەیهێشت زیندوو بی برینت ئایا تۆش وەکوو منی هێمن عاشقی نووسین و شێعر دەبووی ئەگەر وانەی کوردیم کوتبان پێم بڵێ ئایا زوو فێر دەبووی هیوا ژیان زۆر ئەستەمە لەوانەیە لای تۆ خۆش بێ دەزانم کە لە بەهەشتی هەرچی لەوێ بیخۆی نۆش بێ هیوا ئێرە پڕ لە گورگە ئاوات مەخوازە لێرە بای زۆر جار هەبوە پێیان گوتوم هێمن بریا ئەتۆش مردبای هیوا لێرە مانای ژیان لە سیفری پێش حیسابت دان پیاوەتی ڕەنگی گۆراوە هەمووی بەدوای گیرفانت دان هیوا برای زوو کۆچ کردووم لێرە ئەگەر هەڵە بکەی کەم وا هەیە دەستت بگرن نەشزانی دەبێ مەلە بکەی ئەگەر کەوتی و ئەژنۆت چەمان تەنیا بۆخۆت کەسی خۆتی ئەگەر هەزار چاکەت کردبێ لە چاوی خەڵک لات و پۆتی دڵم پڕە کەسی کاکەی چم نەکرد کە دبا کردبام چدەبو لە جێم من زیندو بای ئەمنیش لە جێگای تۆ مردبام ئەگەر ئەتۆ کوڕی گەورە و ئەمن لە جێگای تۆ ڕۆیبام ئێستا شەرمەزار نەدەبووم تاکوو دەرد بۆ بنەماڵەم بام هیوا سەرت ناهێشێنم زۆر دڵتەنگ و پر لە غەمم بۆ باوەش کردنت کاکە پەپولەی تامەزرۆی شەمم سەرم شێواوە لەو ژینە ڕێشمەی لە دەستم دەرچووە چەقڵ و دڕووی ئەو ساتانە لە سەری قامکم ڕۆچووە بەڵام هیوا خۆزگە بەخۆت کە تا ئێستاکە نەماوی تاکوو لەسەر نەدار بوونم تۆش بە من بڵێی کە ناپیاوی بڕۆ براکەم، تێر وەحەسێ و شکوور بکە بۆ کۆچی زوو کاتی دەنا هیوا تۆش نەتبایە ئێستا پێیان دەکوتی لاتی هیوا ئایا تۆ دەزانی بۆ ناس ناوی من تەنیایە؟ وەڵامی ئەو پرسیارەم لەو شێعرەی نوسیومە دایە ++++++++++++++++++++++